ئەندازیار و سیاسەتمەدار بیروسک نوری سدیق عەلی، بە ناوی بیروسک شاوێس ناسراوە. لە ساڵی ١٩٧٩دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگهی سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە کۆنگرەی یازدەیەم ١٩٩٣ و دوازدەیەم ١٩٩٩دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ٢٠٠٣ بووە جێگری فەرماندەی سەربازی کوردستان (فەلەک) و هەمان ساڵ ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی عێراقدا بووە. لە ساڵی ٢٠٠٣ و پاش ئازادکردنی عێراق ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری کۆماری عێراق بووە.
ژیاننامەبیروسک نوری سدیق عەلی، لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری بهغدا لەدایک بووە و کوڕی ئەندازیار نوری شاوێس (١٩٢٢ - ١٩٨٣)ی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و مامۆستا ناهیدە سەلام ئەحمەد (١٩٢٢ - ٢٠٠٦)ی ناسراو بە ناهیدە شێخ سەلامی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بەکالۆریۆسی لە بەشی فیزیا لە زانکۆی سلێمانی وەرگرتووە، ماستەری لە ئەندازیاری ئامێرە پزیشکییەکان لە ئەڵمانیا بەدەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٧٥ پاش شکستى شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر چوونەتە وڵاتی ئێران و لە ساڵی ١٩٧٦دا چۆتە وڵاتی ئەڵمانیا. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئەڵمانی و ئینگلیزییە.
خەباتنامەبیروسک نوری شاوێس، لە ساڵی ١٩٦٨دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکەتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە و لە ساڵی ١٩٧٤ پاش دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی بەعس لەسەر یاسای ئۆتۆنۆمی کوردستان، پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگهی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و لە خولی تۆپخانەی مەشقیدا بەشدار بووە. پاش ساڵێک و شکستی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر چۆتە وڵاتی ئێران و لە ساڵی ١٩٧٩دا جارێکی دیکە پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگهی سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. هەمان ساڵ و لە کۆنگرەی نۆیەمدا لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیابووەتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٣ پاش گەڕانەوە بۆ ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەی یازدەیەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو هەڵبژێردراوە و پاشان بووە بەرپرسی لیژنەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی و لە ساڵی ١٩٩٩ لە کۆنگرەی دوازدەیەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ بووە جێگری فەرماندەی سەربازی کوردستان (فەلەک) و هەمان ساڵ بووە ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی عێراق و پاش ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن (١٩٣٧ - ٢٠٠٦) بە ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری کۆماری عێراق دەستنیشان کراوە.
بەرهەمەکانی:
کورد و ئیسلام ٢٠٠٢.
سەرچاوە:١- بیروسک نوری شاوێس، ڕای لەبەد عەن یەقەل حەول سەورەی ئەیلوول ئەلعەزیم، جەریدەی خەبات، لیسان حالی ئەلحیزب ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی - ئەلموحەد، ئەلعەدەد ٩٤١، هەولێر، ئەلجومعە ١٠ ئاب ١٩٩٩.
٢- حەبیب محەمەد کەریم، تارێخ ئەلحیزب ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی - ئەلعێراق (فی موحەتات ڕەئیسییە) ١٩٤٦ - ١٩٩٣، (دهۆک - مەتبەعەی خەبات ١٩٩٨).
٣- ڕێکار ئەحمەد، یەکگرتن و هەڵوەشان، (هەولێر - چاپخانەی بەهەشت ٢٠١٦).
٤- شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣).
٥- زاهیر عەلی ئەحمەد کۆیی، مەسیرە ئەلجەیش ئەلعێراقی مونز ئەلتەئسیس و دەور ئەلزوبات ئەلکورد فی تەئسیسی، (هەولێر - مەتبەعەی ڕۆژهەڵات ٢٠١٨).
٦- کاروان مەحوی، کۆنگرەکانی پارتی ئێمە پارتی دیموکراتی کوردستان، گۆڤاری شیکردنەوە، مەکتەبی ناوەندی هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە، ژمارەی ١٤، هەولێر، چاپخانەی حاجی هاشم، پایزی ٢٠١٠.
٧- محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە کورتە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان و کولتووری بارزانی نەمر، چاپی دووەم، (هەولێر - دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس ٢٠٠٧).


