بابەکەر محەمەد زوبێر ناسراو بە (بابەکەر محەمەد) پێشمهرگه و هاوسەنگەری مستەفا بارزانی بوو بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی هێسنا لەدایکبووە، لە شۆڕشی دووەمی بارزان تێکۆشاوە، یەکێک بووە لە پێشمهرگه لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵاندا کردووە، خاوەنی پلەی (سەرپەل- فەرماندەی فەسڵ) بووە لە ڕیزەکانی پێشمهرگه، ساڵی ٢٠٠٣ کۆچی دوایی کردووە.
ژیاننامەلەدایکبووە بابەکەر محەمەد زوبێر ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی هێسنای سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی پەیمانگای لە بەشی کشتوکاڵ بەدەستهێناوە، لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ شوکریە یوسف هاوسەرگیری کردووە، کوڕێکیان بە ناوی زوبێر بابەکەر لە ساڵی ١٩٥٩ و کچێکیان بە ناوی هەدیا بووە، هاوسەرەکەی لە نەتەوەی تاتار بووە لە نیمچەدوورگەی قرم لە کۆماری ئۆکرانیا، هاوسەرەکەی شوکریە یوسف و منداڵەکانی لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکران و زیندانی کران بە تۆمەتی هاوڕێیەتی هاوسەرەکەی لەگەڵ مستەفا بارزانی و ئەوەی کە خۆی پێشمهرگه بووە، دوای ئازادکردنیان لە زیندان لە گەڕەکی ئیسکان و پاشان لە گەڕەکی سێتاقان لەژێر مانەوەی زۆرەملێدا ژیاون، دواتر گەڕاونەتەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت، بابەکەر محەمەد لە ساڵی ١٩٥٩ وەک ڕێنماییکاری کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر دامەزرا، پاشان بەهۆی بەشداریکردنی لە شۆڕشی ئەیلوول لە کارەکەی دابڕا، بەڵام لە ساڵی ١٩٧١ دوای ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار گەڕایەوە سەر کارەکەی، لە ساڵی ١٩٧٥ گواسترایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بارزان وەک ڕێنماییکاری کشتوکاڵی، شارەزای سێ زمان بوو (کوردی، ڕووسی و فارسی)، لە ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ خێزانەکەی گەڕایەوە باشووری کوردستان، ساڵی ٢٠٠٣ کۆچی دوایی کرد و لە گوندی هێسنا بە خاک سپێردرا.
لاپەڕەکانی تێکۆشانبابەکەر محەمەد پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە شۆڕشەوە بکات سەرباز بوو لە سوپاى عێراق، وەک زۆربەی خەڵکی کوردستان کە ڕەتیان دەکردەوە خزمەتی سەربازی لە سوپاى عێراق بکەن، لە سەربازی هەڵات و پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کرد، لەسەر ئەمەش لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە فەرمانی دادگای سهربازی عێراقی هەموو موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی دەستی بەسەردا گیرا.
لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ و دوای شکستپێهێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هاوسەنگەرانی پەڕییەوە بۆ ڕوژههلاتی کوردستان، دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستانی دیموکرات لە مەهاباد لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ لە چوارچێوەی هێزی بارزان بەرگری لە کۆمارەکە کرد، برایەکی هەبوو بە ناوی زوبێر محەمەد کە لە ساڵی ١٩٤٥ لە کۆماری کوردستانی دیموکرات کۆچی دوایی کرد.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕوژههلاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان، بەشداری لە شەڕەکانی نەغەدە و شنۆ لە ڕوژههلاتی کوردستان کرد، لەگەڵ هاوسەنگەرانی پێشمهرگه بوو کە لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکورک و دەشتی بێرزگە) بەناو خاکی باکووری کوردستاندا گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی شیروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ هەموو هاوسەنگەرانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بڕۆن، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەراڵ مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کرد، دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس پەڕییەوە، کە دەکەوێتە سەر سنوور لە نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوسەنگەرانی لە شاری نەخجەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا دەستبەسەر کران کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن، لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر دابەشکران بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیلاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان دەکرد، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گروپ بە شەمەندەفەر دابەشکران بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بەکرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان وەک پشک دەدایە حکومەت) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەراڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین لە کۆتاییدا نامەیەکی وەرگرت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری ڤریڤسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری ڤریڤسکی سۆڤیەت بەڕێکەوتن.
لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراوی ساڵی ١٩٥٩، لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە.
سەرەڕای دامەزراندنی کۆماری عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی بە خوێندنەوە، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسڕەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
لە ساڵی ١٩٦٢ بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کرد و تێیدا پلەی (سەرپەل- فەرماندەی فەسڵ)ی وەرگرت و لە هەموو شەڕەکاندا بەشداری کرد، لە ساڵی ١٩٧٥ و دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕووی لە ئێران کرد و لە (نەغەدە) لە ڕوژههلاتی کوردستان نیشتەجێ بوو.
لە ساڵی ١٩٧٩ بەشداری لە شۆڕشی گوڵان و لە شەڕەکانی لۆلان و ئەلوتان کرد، لە ساڵی ١٩٩٢ خانەنشین کرا و لە ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ خێزانەکەی گەڕایەوە باشووری کوردستان.
سەرچاوەکان:- حهمید گهردی، پوختهی مێژوونامه، چاپی یهكهم، (ههولێر - دهزگای چاپ و بڵاوكردنهوهی ئاراس - چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده - ٢٠٠٤).
- حیدر فاروق السامرئي، ضیاء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
- له یادداشتی فهرماندهی شههید حهسۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ لهگهڵ بارزانی دا، چوونی بارزانییهكان بۆ یهكێتی سۆڤێت، چاپی یهكهم (ههولێر - چاپخانهی رۆشنبیری - ١٩٩٧).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوهی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانهی خهبات - ١٩٩٨).
- نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٢،٣، المطبعة الرابطة، شاری بهغدا، ١ نيسان ١٩٥٩.
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
.


