شەهید ئەیوب محەمەد حەمە ڕەحیم، کادیرێکی ڕێکخستنە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بوو، ساڵی ١٩٨٣ لە شەڕی ئەحمەدئاوا کەوتە دەست سەربازانی ڕژێمی بەعس و دوای ئەشکەنجەدانی لەلایەن ئاسایشی هەڵەبجەوە شەهید بووە، لە شەهیدە گۆڕبزراوەکانە.
ئەیوب محەمەد حەمە ڕەحیم نادر ساڵی ١٩٥١ لە توێڵەی سەر بە ناحیەی بیارە لەدایکبووە، دانیشتووی توێڵە بووە و کاری باخەوانی کردووە، دەرچووی قۆناغی سەرەتایی بووە.
شەهید ئەیوب لە تەمەنی گەنجێتیدا پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و بووەتە ئەندامی ڕێکخستنەکانی توێڵەی سەر بە لێژنەی ناوچەی هەڵەبجەی پارتی، پلەی حیزبی بەرز بووەتەوە و بووەتە کادیرێکی چالاک لە ناوچەکەدا.
ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵانەوە کردووە لە هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرماندەیی نادر هەورامی، لە هەمان کاتدا پلەی حیزبی ئەندامی ڕێکخستنی ئەبابەیلی سەر بە لێژنەی ناوچەی هەڵەبجە بووە، ساڵی ١٩٨٣ بەشداری لە شەڕی ئەحمەدئاوادا کردووە، لەو شەڕەدا هێزێکی گەورەی سەرباز و جاش و بەکرێگیراوانی ڕژێمی بەعس بەشدارییان کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی بەرگری هێزی پێشمەرگە، لەو شەڕەدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون ئەوانیش: شەهید ئەنجومەن مامە یارە و شەهید ڕەئوف هەجیجی، دوای ئەوەی ئەیوب محەمەد و یونس فەرەج و ناجی حەمە لەتیف و حەمەی مام عەلی و ڕەمەزان بەهۆی تەواوبوونی تەقەمەنی و پێداویستییە سەربازییەکانیانەوە لەلایەن سەربازانی ڕژێمەوە دەستگیرکران، گواسترانەوە بۆ ئاسایشی شاری هەڵەبجە، دوای چەند ڕۆژێک لە ئەشکەنجەی دڕندانە و بەدەر لە هەموو بەها مرۆییەکان لەوانە سووتاندنی جەستەیان و بڕینی هەندێک ئەندامی جەستەیان، ئەیوب محەمەد حەمە ڕەحیم شەهید بووە، تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی نەکراوەتەوە، بۆیە لە شەهیدە گۆڕبزراوەکان هەژمار دەکرێت.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


