ئەسعەد وەسێن غەفوور لە ساڵی ١٩٧٢ لە هەڵەبجە لەدایک بووە، تا پۆلی چواری ئامادەیی خوێندووە، لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن ئەمنی گشتیی بەعس لە سلێمانی دەستگیر کراوە و بۆ ماوەی ساڵێک و چوار مانگ زیندانی کراوە و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی ڕاپەڕینی شیعەکان لە نەجەف و کەربەلا، لە ساڵی ١٩٩١ لە زیندان هەڵاتووە.
لە ساڵی ١٩٨٣ چووەتە گوندی ئەحمەدئاوا بۆ ئەوەی ببێتە پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی تەمەنی بچووکەوە لەلایەن فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەوە وەرنەگیراوە. لە ساڵی ١٩٨٣ پاش گەڕانەوەی لە شاخ، پەیوەندی بە شانە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و بووەتە کادر لە شانەی هەورامان عوسمان، کە بەرپرسی ڕێکخستنی سەر بە لێژنەی ناوچەی هەڵەبجەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، کادرێکی خوێندەوار و چالاک بووە و سەرپەرشتیی کۆمەڵێک چالاکیی کردووە.
لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٩ ئەسعەد وەسێن غەفوور چووەتە گوندی بەیانجان لە نزیک شاری سلێمانی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ شانە نهێنییەکانی ئەو ناوچەیە، بەڵام یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە خۆفرۆش بووە و کات و شوێنی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کردووە، بۆیە ئەسعەد لەلایەن سەربازان و کادرانی هەواڵگریی ڕژێمی بەعسەوە لەناو گوندەکەدا گەمارۆ دراوە و دەستگیر کراوە، گواستراوەتەوە بۆ زیندانی گەورەی شاری سلێمانی و پاش نۆ مانگ زیندانیکردن ڕەوانەی ڕێکخستنی باکووری کەرکووک کراوە، لەوێ بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە. بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای عێراق ئەسعەد گواستراوەتەوە بۆ زیندانی نەجەف، بەڵام بەهۆی ڕاپەڕینی خەڵکی نەجەف و تێکچوونی دۆخی ئەمنیی شارەکە، ئەسعەد وەسێن غەفوور دەرفەتێک دەدۆزێتەوە و لە زیندان هەڵدێت. ئەو پێشمەرگەی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان بووە.
لە ٧ی ئاداری ١٩٩١ لە گرتنەوەی بنکەی پۆلیسی بەیانجان، گوللەیەک بەرکەوتووە و بریندار بووە، پاش وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بڕیاری داوە پشوو نەدات و بەشداریی لە هەڵمەتی ڕاپەڕیندا بکات.
لە ٨ی ئاداری ١٩٩١ لە ئازادکردنی شاری سلێمانی، لەلایەن هێزەکانی ئەمنیی بەعسەوە لە ئەمنە سوورەکەدا کەوتووەتە کەمینەوە، سەرەتا بەهۆی نارنجۆکێکەوە لە بەردەم دەرگای ئەمنە سوورەکە بە سەختی بریندار بووە. پاش هەستانەوەی و بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر ئەمنە سوورەکە، گوللەیەک بەرکەوتووە و لە بەردەم دەرگای بارەگای ئەمنە سوورەکە شەهید بووە، تەرمەکەی بەهۆی زۆریی ئەو گوللانەی بەریکەوتووە شێوێنراوە.
سەرچاوە:ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان








