سیاسەتمەدار ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد شێخ محەمەد، بە ناوی ئەدهەم بارزانی ناسراوە. لە ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەهەمدا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و لە ساڵی ٢٠١٦ بووەتە بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ژیاننامە
ئەدهەم بارزانی لە ساڵی ١٩٦٢ لە شاری هەولێر لەدایک بووە و لە بنەماڵەی شێخەکانی تەکیەی بارزانە و نەوەی شێخ ئەحمەدی بارزانی (١٨٩٢ - ١٩٦٩)یە. لە ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی بارزان چۆتە قوتابخانە و لە ساڵی ١٩٧٤ قۆناغی شەشەمی سەرەتایی لە شاری بەغدا تەواو کردووە و دەرچووی قۆناغی سێیەمی ناوەندییە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسییە.
خەباتنامە
ئەدهەم بارزانی لە ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٨٠ وەک پەنابەر چوونەتە وڵاتی ئێران و هەتا ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ لەوێ ژیانی خۆی بەسەر بردووە.
لە ساڵی ١٩٨٠ وەک پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان پەیوەندی بە لایەنی ڕاستی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و لە ساڵی ١٩٨١ بەرپرسی لقی ئێرانی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە.
یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبوڵڵای کورد بووە و پاشان لایەنێکی بە ناوی حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕی کورد جیا بووەتەوە و بە ڕێبەری ئەم لایەنە ناسراوە. لە ساڵی ٢٠٠٣ حیزبەکەی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە.
لە ساڵانی (٢٠٠٤ - ٢٠٠٨) بەرپرسی مەکتەبی کاروباری عەشایەری سەر بە مەکتەبی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵانی (٢٠٠٥ - ٢٠٠٩) ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.
لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەهەمدا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و لە ساڵی ٢٠١٦ بووەتە بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


