ئاراس حیسۆ میرخان لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٩٣ بەکالۆریۆس و ساڵی ١٩٩٦ ماستەر و لە ساڵی ١٩٩٨دا دکتۆرای دەرمانسازیی لە زانکۆی ئەسفەهان لە وڵاتی ئێران وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا ماستەری کارگێڕیی لە زانکۆی لوبنانی - فەرەنسی لە هەولێر بە دەست هێناوە. لە ساڵانی (٢٠٠٠ - ٢٠٠١) لە کابینەی چوارەمدا بووە بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ساڵانی (٢٠٠٢ - ٢٠١١) بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێری و داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە. شارەزای زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی و ئینگلیزییە.
خەباتنامە
ئاراس حیسۆ میرخان لە ساڵی ١٩٧٥دا پاش شکستەی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچبەری ئێران بووە. لە ساڵی ١٩٨٢دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٨٨دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە و لە داستانى خواکوڕکدا بەشداریی کردووە.
لە ساڵی ١٩٩٥دا بووە فەرماندەی بەتالیۆنی شەهید عەلی حیسۆ و لە شەڕی بەرگریی قەسری لە سنووری پارێزگای هەولێردا بریندار بووە. لە ساڵی ١٩٩٧دا لە شەڕی بەرگری لە هەرێمی کوردستان لە دەڤەری ئامێدیی سەر بە پارێزگای دهۆکدا دووەمین جار بریندار بووە. لە ساڵی ٢٠١٤دا بەشداریی شەڕی دژی هێزەکانی داعش لە بەرەی گوێڕ - مەخموور لە سنووری پارێزگای هەولێردا کردووە.
لە کاتی کارکردن لە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا چەندین ئەرک و بەرپرسیاریی وەرگرتووە. وەک بەرپرسی لێژنەی ناوچەی زانکۆی سەر بە مەکتەبی سیاسی لە نێوان قوتابییانی پەنابەرانی زانکۆ و پەیمانگەکانی ئێران ١٩٩٠، جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمەرگە (١٩٩٨ - ٢٠٠٠)، ئەندامی مەکتەب لە مەکتەبی سەرۆک (٢٠٠٠ - ٢٠١٠)، بەرپرسی لقی شازدەی دەوروبەری هەولێر (٢٠١١ - ٢٠١٧)، بەرپرسی دەزگای وەبەرهێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٠٢٠ و هتد...
نوێنەری کۆنگرەکانی یازدەیەم ١٩٩٣ و دوازدەیەم ١٩٩٩ بووە و لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتووە هەڵبژاردن. لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتووە هەڵبژاردن.
ئەرشیڤی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


