ئەفسەر و سیاسەتمەدار هەجەر ئیسماعیل جانۆ، بە ناوی هەجەر سندی ناسراوە. لە ساڵی 1962 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە. لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه کردووە. لە ساڵی 1975 دوای شکست هێنانی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە. لە ساڵی 1979 و لە کۆنگرەی نۆیەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1984 ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەجێهێشتووە و چووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ژیاننامە

هەجەر ئیسماعیل لە شاری دهۆک لەدایک بووە. لە ساڵی 1955 لە قوتابخانەی سەرەتایی بێرسڤی دەستی بە خوێندن کردووە. لە ساڵی 1969 لە خولی بیست و شەشەمی کۆلێژی پۆلیسی شاری به‌غدا وەرگیراوە و لە ساڵی 1972 بە پلەی مولازمی دووەمی پۆلیس، بڕوانامەکەی وەرگرتووە و هەمان ساڵ لە بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە وەک ئەفسەر دامەزراوە. لە ساڵی 1984 دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. شارەزای زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزییە.

خەباتنامە

هەجەر ئیسماعیل، لە ساڵی 1958 پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان کردووە و لە ساڵی 1962 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە و لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه کردووە. لە ساڵی 1974 بە جێگری دەزگای بێتەلی شۆڕشی ئەیلوول دادەمەزرێت. لە ساڵی 1975 دوای شکست هێنانی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە و بە بەرپرسی ئۆردوگای پێشمه‌رگه لە سەڵتەکان دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1976 وەک پەنابەر چووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

 

لە ساڵی 1977 لەلایەن نوێنەرانی لێژنەی لقی حەوتی ئەمریکای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە کارگێڕی لێژنەی لق هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1979 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە گەڕاوەتەوە ڕوژهه‌لاتی کوردستان و لە کۆنگرەی نۆیەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە.

 

لە ساڵی 1979 بووە جێگری بەرپرسی لێژنەی لقی یەکی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە ساڵی 1982 پلەکەی بۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرز کراوەتەوە. لە ساڵی 1984 ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەجێهێشتووە و چووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

سەرچاوە:

1- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.  

2- فەیسەڵ ڕەسووڵ خۆشناو، بیۆگرافیای ئەفسەرانی کورد، بەشی دووەم، ( تاران ـ چاپخانەی ڕۆژهەڵات – 2020 ).

3- حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عێراق ( لە وێستگە سەرەکییەکان ) 1946 - 1993، ( دهۆک - چاپخانەی خەبات 1998).

4- شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، ( هەولێر ـ چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2013 ).

5- هاشم ڕەمەزان، ئەوانەی سووتێنران کورد، بەشی یەکەم، ( هەولێر ـ چاپخانەی حاجی هاشم – 2005 ).